ماوەی دوو رۆژە تورکیا ئاوی بۆ عێراق بەرداوەتەوە
964+
فەهمی نەبی
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی عێراق قسەی بۆ 964 کردووە دەڵێت، ماوەی دوو رۆژە تورکیا ئاوی لەهەریەکە لە بەنداوەکانی ئەلیسۆ و ئەتاتورک بەرداوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەون دیاب وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی عێراق لە گفتوگۆیەک لەگەڵ بەشی عەرەبی 964 دەڵێت، “مەلەفی ئاو لەدەستی سەرۆک وەزیرانی عێراقە و ئەو گفتوگۆی راستەوخۆ لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکات، هاوکات یەک کاتژمیر و نیو دیدارم لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق هەبوو، پێم وت لەرێگەی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو دەزانین قەبارەی ئاوی سەرجەم بەنداوەکانی تورکیا دەزانین”.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی عێراق ئەوەشی وتووە، “ئێمە داوای 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکمان کردبوو، بەڵام تورکیا 370 مەتر سێجا لە بەنداوی ئەلیسۆ بەردەداتەوە بۆ بەنداوی موسڵ، لەبەنداوی ئەتاتورک 350 مەتر سێجا بۆ سنوری نێوان تورکیا و سوریا بەردەداتەوە، دەبوو رێککەوتنەکە لە سەرەتای ئەم مانگەوە جێبەجێبکرایا، بەڵام تەنیا دوو رۆژ دەبێت تورکیا دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لە نێوانمانە”.
توانای ئەمبارکردنی بەنداوی ئەلیسۆ 11 ملیار مەتر سێجایە، ئێستا 5.4 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە، بەڵام تورکیا لە هەموو مانگی تەموز تەنیا 225 مەتر سێجا ئاوی بەرداوەتەوە، ئەمەش بەوتەی عەون دیاب.