فریاکەوتنی خێرای سلێمانی حاڵەتی ئامادەباشی راگەیاند
964+
دیلان محەمەد جەزا
بۆ پاراستنی گیانی خانەنشینان لە هەر پێشهات و حاڵەتێکی نەخوازراو، فریاکەوتنی سلێمانی تیمی تەندروستی لەبەردەم هەموو بانکەکان دادەنێت.
بڕیارە سبەی دووشەممە 14.8.2023، موچەی مانگی حوزەیرانی خانەنشینان دابەشدەکرێت.
بە تەنیا لە سلێمانی زیاتر له 50 ههزار خانهنشینانی مهدهنی هەیە، ئەمە بێجگه له خانهنشینانی پێشمهرگه و خانهنشینانی ئهیلول و كهمئهندامان.
بە فەرمانی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هەشت تیمی تەندروستی خێرا ئامادەکراون لەبەردەم بانکەکانی دابەشکردنی موچەی خانەنشینی بن.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە 964 وت، لەسەر فەرمانی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، سبەینێ سەرجەم تیمەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لەبەردەم بانکەکان دەبن.
روونیشی کردەوە کە ئامانج لەمەدا ئەوەیە ئەگەر “هەر خانەنشینێک گرفتێکی تەندروستی بۆ دروست ببێت، تیمەکان لەبەردەم بانکەکان چارەسەری بکەن”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق