رۆژانه‌ پێنج سانتیمه‌تر ئاوى بەنداوى دوکان داده‌به‌زێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بەنداوى دوکان پلانێکى ئاشكرا ده‌كات كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ توانیویانه‌ بڕى ئاوى بەنداوەکە بپارێزێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ رۆژانه‌ نزیكه‌ى پێنج سانتیمه‌تر به‌هۆى كارپێكردنى پڕۆژه‌كانه‌وه‌ ئاوه‌كه‌ى داده‌به‌زێت.

کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەرى بەنداوى دوکان به‌ 964ـى وت، ئێستا رێژه‌یه‌كی باشى ئاو له‌ناو به‌نداوه‌كه‌یان ماوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی  37% ـه‌.

وتیشی “دەتوانین تا کاتى گلدانەوەى ئاو پشت به‌و رێژه‌ ئاوه‌ ببه‌ستین”.

ئاشكراشی كرد كه‌ پلانی ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌، ساڵانە لە رێگەى کۆگاکردنى ئاو لە وەزرى بارانبارین و بووژانەوەى ئاوى رووبار و کانییەکانەوە، پارێزگارى لە مانەوەى ئاوى پێویست لەناو بەنداوەکە بکات.

بەڕێوەبەرى بەنداوى دووکان، ئه‌وه‌شی باسكرد كه‌ رۆژانە 70 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا دێتە ناو بەنداوەکەیان، بەڵام وتى “بەهۆى كارپێکردنى دوو یەکەى کارەباى کارۆئاوى و دابینکردنى ئاوى خواردنەوەى هاوڵاتییان و کشتوکاڵ، 140 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بەردەدەینەوە، بەوەش رۆژانە بەنداوەکە نزیکەى پێنج سانتیمەتر کەم دەکات”.

روونیشیكرده‌وه‌، بەنداوى دوكان لە ئاستى رووى دەریاوە 492 مەترە، بۆیه‌ بەدەر لە بەردانەوەى ئاوەکە، بەهۆى بەرزی پلەى گەرما و رەشەباشەوە بڕى بەهەڵمبوونى ئاوى دەریاکە روودەدات و کاریگەریى لەسەر کەمبوونەوەى ئاوەکە دەبێت.