رێژەی بێکاری و کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات کەمیان کردووە

964+

فەرمان سادق

تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان ئاماری بێکاری و کۆچ و مادەی هۆشبەری لە کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، گەیشتن بە ئامارەکان لە کوردستان جێگەی پرسیارە و هەندێک ناوەندیش بە چاوی بازرگانی دەڕواننە ئامارەکانی مادەی هۆشبەر.

ئەمڕۆ شەممە 12.8.2023 کە رۆژی جیهانی لاوانە، تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان ئاماری چەند ساڵێکی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەکە بێت رێژەی بێکاری بەراورد بە پارساڵ کە 18% بۆ 15% دابەزیوە.

ئەو دابەزینە لە کاتێکدایە ساڵی 2020 رێژەکە 14% بوو.

سەبارەت بە کۆچ بۆ دەرەوەی کوردستانیش لە چوار ساڵی رابردوودا 36 هەزار و 530 کەس کۆچیان کردووە.

ئامارەکە بە جۆرێکە لە ساڵی 2020 و 2021، زیاتر لە 31 هەزار کەس کۆچیان کردووە، بەڵام 2022 تەنیا دوو هەزار و لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵیش 530 کەس کۆچیان کردووە.

هەر لەو چوار ساڵەدا سێ هەزار و 121 کەس دیپۆرت کراونەتەوە بۆ کوردستان.

بەگوێرەی ئامارەکە بێت، ئەو پارەیەی لە قاچاخ خەرجکراوە بۆ گەیاندنی ئەو 36 هەزار و 530 کەسە، 182 ملیۆن و 650 دۆلار بووە.

تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان (CNO) ئاماری گیرانی بەکارهێنەران و بازرگانانی مادەی هۆشبەری بڵاوکردووەتەوە، لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک هەزار و 217 کەس گیران و لە سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین تەنیا 800 کەس گیراون.

تۆڕەکە گومان لەو ئامارەی حکومەت دەکات و دەڵێت؛ شاردنەوە و بازرگانی بە کەیسەکەی تێدایە.

ئەمڕۆ لە هەولێر، تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان (CNO) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پلانی کاریان بۆ پێنج ساڵی داهاتووش راگەیاند و دەڵێن؛ بە پشتبەستن بە ئۆفیسەکانمان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بەپێی پلانێکی تایبەت مانگانە داتا و زانیاری وردمان پێدەگات، سەبارەت بە دۆخی مادەی هۆشبەر و ئاستی بێکاری و رێژەی کۆچبەران.