لە هەولێر ژمارەیان زۆرە

خەڵکێکی زۆر دووچاری دیاردەی (خۆربردی) هاتوون

964+
فەهمی نەبی

ئاماژە تەندروستییەکان دریدەخەن، بەشی بەرچاوی خەڵکی ئەو شارانەی پلەی گەرمی تیایاندا بەرزە بە تایبەت شاری هەولێر، دووچاری دیاردەی خۆربردی (ضربة الشمس) بوونەتەوە.

دیاردەی خۆربردی (ضربة الشمس) چییە؟ چ کاتێک روودەدات؟

سەرچاوە تەندروستییەکان دەڵێن، هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایە، ئەو کەسەی دووچاری دەبێت بەڕێژەیەکی زۆر جەستەی خاو دەبێتەوە، رێژەی ئاو و خوێ لە جەستەی کەمدەبێتەوە، هەست بە ماندووبوون و بێ تاقەتی و تەشەنوجی ماسوڵکەکانی دەکات، هاوکات جەستەی ناتوانێت گەرمی کۆنتڕۆڵ بکات، ئەمەش جگە لە سکچوون و رشانەوە.

بەختیار محەمەد کە یاریدەدەری پزیشکیە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، رۆژانە خەڵکانێک زۆر سەردانی فریاکەوتنی رۆژائاوای هەولێر دەکەن کە دووچاری هەمان حاڵەتی دووبارە بوونەتەوە، سکچوون و رشانەوە، داهێزرانی جەستە نیشانە باوەکانی ئەو کەسانەن، سێ رۆژی پێدەچێت تا چاک دەبنەوە.

بەوتەی ئەو یاریدەدەرەی پزیشکی، مەرج نییە بەتەنیا تیشکی خۆری راستەوخۆ ببێتە هۆکاری روودانی دیاردەی خۆربردی لای هاوڵاتیان، بەڵکو تینی گەرمای ناو سەیارەش هۆکارێکی دیکەیە.

ئەمڕۆ هەینی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، هەریەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، کەرکوک و گەرمیان گەرمترین رۆژی ساڵیان تۆمارکردووە.