کۆیە.. کێشەی غازی ماڵان چارەسەر کرا

964+

فەرمان سادق

لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەی غازی ماڵان لە کۆیە بە رێگەی پسولەی خۆراک چارەسەری ئەو تەنگەژەیە کرا.

لە کۆیە دوو کارگە و لە تەقتەق کارگەیەکی غازی ماڵان هەیە، بە هەر سێکیانەوە هەفتانە 21 بار غازیان بۆ دێت کە دەکاتە 40 هەزار بوتڵ.

ئێستا هەفتانە لە رێگەی پەیجە لۆکاڵییەکانی کۆیە بانگەواز بۆ خەڵکی کۆیە دەکرێت کە پسوولەی خۆراکیان ئامادە بکەن بۆ وەرگرتنی غاز.

تارق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە 964ـی وت، دوای سەرهەڵدانی تەنگەژە و قەیرانی غاز، لێرە لە کۆیە بڕیارماندا دابەشکردنی غاز بە پسوولەی خۆراک دەبێت.

دەشڵێت: ئەوانەی پسوولەی خۆراکیان کۆیە نەبێت غازی پێنادرێت ئەگەر پشتگیری ئەنجومەنی گەڕەک و ئاسایشی نەبێت.

بە قسەی قایمقامی کۆیە بێت، ئەو رێکارەی گرتوویانەتەبەر، وایکردووە قەیرانی غاز لە کۆیە دروست نەبێت و هاوڵاتیان چەند غازیان پێویست بێت دەتوانن وەریگرن.