کەونارا.. ماڵۆچکەیەکی کولتووری لەناو جەنجاڵی شار
964+
یەکێک لە جێگە جوان و دانسقەکان هەولێرە، لە شوێنێکی نایابی ناو جەرگەی شار لە گەڕەکی منارە، چەند سەد مەترێک لەولا منارە دێرینەکەی هەولێرەوە.
کەونارا، ناوەکەی خۆی بە خۆیەوەیەتی، قاوەخانەیەکی جوان و دڵگیر بۆنی پەنجا ساڵ لەمەوبەری لێدێت، دار و دیواری ماڵە دێرینەکەی خاتوو نەهیبە، خاوەنە رەسەنەکەی وەک خۆی ماوەتەوە هەندێ وردە دەستکاری کراوە.
تەنانەت مێزەکانیش لێرە جیاوازن، ئەمە مێزێکە بە ناوی کەویار ئەمەشیان ناوی حەیرانی لێنراوە و ئا ئەم مێزەش ناوی بەستەیە.
زۆر بە کورتی دەتوانی بچیتە مێزەکەی چەمەری و داوای قاوەیەکی تاڵ بکەی لە باخچەیەکی شیریندا.
لێرە چەند گەنجێک میوزیک دەژەنن، هەم چێژ لە خولیاکەی خۆیان دەبینن و هەم چێژیش دەبەخشن.
لەم گۆشەیە کچانی دەستڕەنگین بەهرەکانیان نمایش دەکەن و بە نرخێکی هەرزان دەیفرۆشن، هەمووشی بۆ ئەوەیە دەستگیرۆیی بکرێن و بەردەوام بن لەکارەکەیان.
دلاوەر رەحیمی، لە بنەڕەتدا خەڵکی دەڤەری هەورامانە و ساڵانێکە زۆرە لە هەولێر دەژیت و ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و چەند ساڵێک لەگەڵ خێزانەکەی لە فەڕەنسا بوو، لەم ماوەیەدا خێزانەکەی دەیخوێند بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر، ئێستا بڕوانای دکتۆراشی بەدەستهێناوە.
دلاوەر رەحیمی، دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر گۆڤاری (ژنەفتن)ـی دەرکرد کە ئێستاش بەردەوامە، چەند مانگێکیش دەبێت کافێی کەونارا-ی کەونارای دامەزراندووە، وەک خۆی باسی دەکات زۆری ویستووە تا ئەم خانووە کۆنەی دۆزیوەتەوە، زۆر دڵیشی بەوەوەیە بە هۆی ئەم کارەوە یارمەتی خانمان بدات و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنێت.
لە کەونارا، گەلەری و کتێبخانە هەیە و سەربانەکەشی شوێنی کۆنسێرتە.. ئێستا خۆ روونە خواردنەوەیەکی خۆش، شوێنێکی خۆش، کەش و هەوایەکی خۆش.. ئەحلە جەو.
لەبیرم نەچێت، ئەوەی خۆشە کەس بێزارت ناکات، چایەک داوا بکە و حەز دەکەی چوار سەعات بۆ خۆت دابینشە.