خانەقین.. بە هێز چادری مانگرتووان لابرا

964+

هونەر فارس – خانەقین

دوای چوار رۆژ مانگرتن و خۆپیشاندان دژی خراپی دۆخی کارەبا لە قەزای خانەقین، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.8.2023 بە هێز چادری مانگرتووان لابرا و “بڕیارە کارەبای قەزاکە باش ببێتەوە”.

مانگرتنەکە بەهۆی کەمکردنەوەی کارەبای نیشتیمانی و نەبوونی گازی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە بوو.

لە وەرزی هاویندا ئێران هەشت کاتژمێر کارەبا دەدات بە خانەقین، بەڵام لە وەرزەکانی دیکەدا رۆژانە 18 کاتژمێر کارەبا دەدات.

سەرچاوەیەک لە نێو مانگرتوان بە 964ـی وت، “دەنگۆی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بەشێک لە خۆپیشاندەران دەرچووە، بە بیانووی پشێوی نانەوە و چادر هەڵدان، بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەو دەنگۆیانە تەنیا بۆ ترساندنی ئێمەیە بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکە بشکێنین”.

دوای مانگرتنی هاوڵاتیانی قەزاکە گاز بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان دابین کراوە.

بە پێی بەدواداچوونەکانی 964، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر گرفتی کارەبای نیشتیمانی خانەقین قسەی کردwوە و بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتو کارەبای قەزاکە بگەڕێتەوە.

بە گوێرەی گرێبەستێک کە زیاد لە 10 ساڵە لەنێوان وەزارەتی کارەبای عێراق و وزەی ئێراندا واژۆ کراوە، لە ئێرانەوە دوو هێڵی کارەبای 132 کەیڤی و 400 کەیڤی بۆ پارێزگای دیالە رەوانە کراوە. یەکێک لە هێڵەکان بۆ قەزای خانەقین و ئەوی دیکەیان بۆ بەعقوبەیە. بەپێی یەکێک لەو مادانەی کە لە گرێبەستەکەدا واژۆ کراوە، لە کاتی زیادبوونی خواست لە سەر کارەبا لە ناوخۆی ئێراندا، ئێران دەتوانێت کارەبای ئەو دوو هێڵە ببڕێت.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد