وێنەی چەند شوێنێکی کوردستان خراونەتە سەر پاسپۆرتی نوێی عێراقی

964+

فەهمی نەبی

پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیی عێراقی لەلاپەڕەکانی ناوەوەیدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و هەر دوو لاپەڕەیەک، وێنەی هێمایەکی مێژووی عێراق و هەرێمی کوردستانی لەسەرە، لەوانە قەڵای هەولێر، بەنداوی دوکان، پردی ئەڵوەن و مۆنۆمێنتی هەڵەبجە.

شەوى 6.3.2023، له‌به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی فەرمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کرایەوە و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش یەکەم کەس بوو کە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی وەرگرتەوە.

پرۆسەی دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بە شێوەی ئۆنڵاین سەرەی بۆ دەگیرێت، لە ماوەی یەک رۆژدا دەردەچیت و تێچووەکەی 91 هەزار دینارە.

لە دیوی ناوەوەی لاپەڕەکانی، ئەو هێمایانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە بەمجۆرەن، لەلاپەڕەکانی شەش و حەوت وێنەی قەڵای هەولێر، لە لاپەڕەکانی 10 و 11 پردی ئەڵوەن، لە لاپەڕەکانی 34 و 35 مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، لە هەردوو لاپەڕەی 44 و 45 وێنەی بەنداوی دوکان دانراوە.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بۆ 964 وتی، “بۆ ئێمە خۆشحاڵی و شانازییە، کە وێنەی بەنداوی دوکان دەچێتە سەر پاسپۆرت، چونکە پێشتر وێنەی بەنداوەکە لەسەر هیچ نووسراو یان دۆکیۆمێنتێکی فەرمیی حکومی نەبووە”.

“لە کاتێکدا عێراق و هەرێم بە هۆی وشکەساڵیەوە لە قەیرانن، بەنداوی دوکان کە حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، بووەتە هێمای خۆڕاگری رووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی، ئەمەش جگە لە جوانییەکەی”، رەحمان خانی وای وت.

مانگی رابردوو پێگەی Henley Passport ریزبەندی باشترین و خراپترین پاسپۆرتی دیاریی کرد، لە ریزبەندییەکەدا پاسپۆرتی عێراقی وەک دووەم خراپترین پاسپۆرت دیاریی کرابوو، کە تەنیا دەتوانرێت بەبی ڤیزا گەشتی 29 وڵاتی پێبکرێت.