دەخیلەی منداڵەکەی شکاند و بە پارەکەی پلەی دووەمی عێراقی بەدەستهێنا
+964
سیروان خورشید- دوزخورماتوو
گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە قەزای دوزخورماتوو پلەی دووەمی پاڵاوتنه‌كانی عێراقی له یاریی تایكواندۆ به‌ده‌ستهێنا، بۆ ئه‌م كاره‌ش پاره‌ی منداڵه‌كانی بردووه بۆ ئه‌وه‌ی بچێته به‌غدا.
هێمن عەلی، خه‌ڵكی قەزای دوزخورماتووە و بە 964ـی وت: “پاڵاوتنه‌كان لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو، كه بۆ یاریی تایکواندۆی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان بوو، به سه‌دان یاریزان له 10 پارێزگای عێراقه‌وه به‌شداربوون”.
وتیشی، “پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ستهێنا، ئەوانەی براوە بوون بڕیاره مانگی 11ی ئەمساڵ بەشداریی خولێکی دیكه‌ی تایکواندۆ بکەن و باشترین و براوه‌كان بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق هه‌ڵده‌بژێردرێن و به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تیی ئاسیا ده‌كه‌ن”.
به قسه‌ی هێمن، ئه‌و یاریزانانه‌ی ده‌چنه هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، موچه‌یان بۆ دابین ده‌كه‌ن.
“هەرچەندە باری داراییم خراپە، بەڵام لە پێناو ئەوەی به‌شداریی بكه‌م و سەری شارەکەم بەرز بکەمەوە، ده‌خیله‌ی منداڵەکەم شکاندووە و به پاره‌كه‌ی چوومەتە شاری بەغدا”، هێمن عه‌لی وا ده‌ڵێت.
ئه‌و وه‌رزشوانه خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته، ته‌مه‌نی 40 ساڵه و خێزانداره و سێ منداڵیشی هه‌یه، چاویشی لەوەیە بگاتە هەڵبژاردەی عێراق
هێمن له ساڵی 2003 مینی پێدا تەقیوه‌ته‌وه و دەستێکی لەدەستداوه.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا