دهۆک.. ئۆتۆمبێلێک خۆی بە گەنجێک کێشا و جێیهێشت

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

لە دهۆک ئۆتۆمبێلێک خۆی بە گەنجێک دەکێشێت و جێی دەهێڵێت و بۆی ناوەستێت، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی دهۆکیش دەڵێت، گەنجەکە نەشتەرگەری بۆ کراوە و لەژێر چاودێری چڕ دایە.

رووداوەکە کاتژمێر 1:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە و لە نزیک نەخۆشخانەی ڤەژینی تایبەت بووە و دەستبەجێ لەلایەن ئەو خەڵکەی لەبەردەم نەخۆشخانەکە وەستا بوون لە چاوەڕوانی دۆخی نەخۆشەکانیان، دەیگەیەننە نەخۆشخانە.

بە قسەی دکتۆر فەرمان عەونی عەلی، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک بێت کە قسەی بۆ 964 کردووە، دەڵێت: بەهۆی رووداوەکەوە گەنجەکە دەست و  قاچی شکاوە و زەبریش بەر مێشکی کەوتووە.

ئەو گەنجەی کە ئۆتۆمبێل لێیداوە تەمەنی 28 بۆ 30 ساڵ دەبێت و خەڵکی دهۆکە.

دکتۆر فەرمان عەونی عەلی دەشڵێت: ئێستا لەژێر چاودێری چڕ دایە و دۆخی تەندروستی باش نییە.

بەپێی زانیارییەکانی 964، کەسوکاری گەنجەکە لە پۆلیس سکاڵایان تۆمار نەکردووە و پۆلیسی دهۆکیش ئاگاداری رووداوەکە نییە و شوفێری ئۆتۆمبیلەکە دەستگیر نەکراوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق