جارێکی تر کێشەی سووتەمەنی لەدوزخورماتوو سەری هەڵدایەوە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

سووتەمەنی قەزای خورماتوو خرایەوە سەر پارێزگای سەلاحەدین و جارێکی دیکە قەیرانی سووتەمەنی لەو شارە سەرهەڵدەداتەوە.

لە قەزای خورماتوو، جارێکی دیکە قەیرانی سووتەمەنی سەریهەڵدایەوە، ئەمەش بە قسەی بەرپرسانی شارەکە بێت پەیوەندی هەیە بە گواستنەوەی بەشە سووتەمەنی شارەکە لە کەرکوکەوە بۆ سەلاحەدین.

قەزای خورماتوو، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە، بەڵام بەشە سووتەمەنی شارەکە لە ماوەی رابردوودا خرایەسەر پارێزگای کەرکوک و بەمەش کێشەی سووتەمەنی شارەکە لە نەوتی سپی ماڵان و بەنزین چارەسەر بوو.

حەسەن مەهدی، بەڕێوبەری بەشی سووتەمەنی دووزخورماتوو بە 964ـی وت: لەلایەن بەرێوبەرایەتی گشتی بەشی سوتەمەنی عێراقەوە بە نووسراوی فەرمی ئاگادار کراونەتەوە لەمەودوا ئەو بەشە سووتەمەنییەی کە لە کەرکوکەوە دەهات بۆ دووزخورماتوو، ئیتر لە پارێزگای سەلاحەدین بۆیان دابین دەکرێت.

زیاتر وتیشی “نیگەرانین لەو بڕیارە، چونکە دووبارە قەیرانی سووتەمەنی لە قەزکەدا دروست دەبێت و پێشتر رۆژانە شەش تانکەر سووتەمەنیمان لە کەرکوکەوە پێدەگەیشت، ئیتر لەمەولا بە سێ رۆژ جارێک ئەو بەشەمان پێدەگات، ئەمەش وادەکات بە زوویی کێشەی کەمی سووتەمەنی لە سنوورەکە رووبدات”.

ئیدارەی خۆجێی شارەکە بە نیازن لە رێگەی پەرلەمانتارانیانەوە نووسراو ئاراستەی پەرلەمانی عێراق بکەن بۆ چارەسەری کێشەکەیان، دەشڵێن “ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت ئەوا رێکاری توند دەگرینەبەر”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق