یانەی نەورۆز بە گرێبەست لەگەڵ سێ یاریزانی نوێ خۆی بۆ خولی عێراق ئامادە دەکات
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
یانەی وەرزشی نەورۆز بۆ وەرزی نوێی خولی عێراق، گرێبەست لەگەڵ سێ یاریزان واژۆ کرد.
بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی تۆپی پێی عێراق، یانەی وەرزشی نەورۆز دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە و بۆ ئەمەش لەگەڵ سێ یاریزانی نوێ گرێبەستی کردووە و گرێبەستی چەند یاریزانێکیشی نوێ کردەوە.
جێگر عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز بە 964ـی وت، دوای پشوویەکی کورت وەک دەستەی کارگێری بەرنامەی ئامادەکاری تیپەکەیان داناوە و سەرەتاش لەسەر داوای راهێنەر گرێبەستی چەند یاریزانێکیان نوێ کردووەتەوە.
وتیشی، بۆ وەرزی نوێ کێشەی یاریگایان نابێت و یاریگای سلێمانی ئامادەیە هەروەها مەبەستیانە لەم وەرزەدا ئەنجامەکان باشتربن هەربۆیە هەوڵدەدەن پێکهاتەیەکی تۆکمە دروست بکەن.
بۆ وەرزی نوێی خولی عێراق، یانەی نەورۆز گرێبەستی لەگەڵ هەریەک لە مورتەزا هەدیب و موستەفا عەبدولجەلیل لە یانەی نەجەف و لامین ساماتای یاریزانی پیشەگەری وڵاتی گامبیا و ئیبراهیم تۆمیوای یاریزانی پیشەگەری وڵاتی نەیجیریا واژوو کردووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی