داواكراوه‌ نرخى بلیته‌كه‌ى هەرزان بکرێت

خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانى ته‌له‌فریكه‌كه‌ى دهۆك كه‌مبووه‌ته‌وه‌

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

کار بۆ هەرزانکردنی پلێتەکانی تەلەفریکی چیای زاوا لە سەنتەری شاری دهۆک دەکرێت . بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزاریش دەڵێت، بەردەوام پێداچوونەوە دەکەن،ئه‌وانیش له‌و نرخه‌ ناڕازین.

ماوه‌یه‌ك، به‌هۆى گرانى نرخی بلیته‌كه‌ى، كه‌ 10 هه‌زار دیناره‌، خه‌ڵكی دهۆك ناتوانێت به‌خواستى خۆیان له‌رێگه‌ى ته‌لفریكه‌وه‌ به‌ئاسمانى دهۆكدا بچنه‌ چیاى زاوا، ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایی زۆرى هاوڵاتیانى به‌دواى خۆیدا هێنا.

چیای زاوا، یەکێکە لە چیای بە ناوبانگەکانی هه‌رێمی كوردستان و شاری دهۆک، به‌رده‌وام کەشوهەوایەکی مام ناوەند و فێنکی هەیە.

هەڵکەوتەی چیاكه‌ بەشێوەیەکە لایەکی دەروانێتە شاری دهۆک و لایه‌كه‌ى تریشی دەروانێتە بەنداوی موسڵ.

لە زۆرترین خاڵدا، ته‌له‌فریكه‌كه‌ تا له‌ دهۆكه‌وه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و چیایه‌، 500 مەتر لە بەرزی سێ هه‌زار و 500 مەتردا، ده‌سوڕێته‌وه‌ .

د.خەیری عەلی، بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دهۆک بە 964ـی راگه‌یاند “لەبەر ئەوەی پرۆژەکە هی کەرتی تایبەتە، لە دەستی وەبەرهێنەرەکە خۆیه‌تى كه‌ نرخی پلیتەکە بگۆڕێت”.

به‌قسه‌ى ناوبراو، ئه‌وان وەک لایەنی فەرمی چەندین جار له‌ کۆبوونه‌وه‌كانیان داوایان لە وەبەرهێنەرەکە کردووه‌ نرخەکەی كه‌م بكاته‌وه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت “تا ئێستا وه‌ڵامى نه‌داوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ش پێمانوایه‌ ئه‌و نرخه‌ بۆ خه‌ڵكی زۆره‌”.

دووپاتیده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئەگەر نرخی پلیتەکه‌ى كه‌مبكرێته‌وه‌، ژمارەی هاوڵاتیان و گەشتیاران كه‌ سه‌ردانى چیای زاوا ده‌كه‌ن، دووهێندە زیاد ده‌کات.

تەلەفریکی چیای زاوا، دەکەوێتە رۆژئاوای شاری دهۆک، لە ساڵی 2021 له‌ژێرناوىhappy park duhok  دروستکراوە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن