ئەمڕۆ پەتاتەی کوردستان دەگاتە ئیمارات

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە واژۆی گرێبەستێک لە نێوان بازرگانانی هەرێم و ئیمارات واژۆ دەکرێت، بۆ هەناردەکردنی پێنج هەزار تۆن پەتاتەی بازرگانی هەرێم.

بڕیارە واژۆکردنەکە لە یەکێک لە ساردکەرەوەکانی هەولێر بەناوی AWRA لەسەر رێگەی موسڵ ئەنجا بدرێت و هەریەکە لە بەرپرسانی وەبەرهێنان و پارێزگای هەولێر و کونسوڵی ئیمارات بەڕێوەبچێت.

هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، بڕیارە هەموو هەفتەیەک 500 تۆن پەتاتە هەناردەی ئیمارات بکرێت، هەتا ئەو بڕەی لەسەری رێککەوتوون تەواو دەبێت.

بەوتەی هیوا عەلی، وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریداوە تا 15.12.2023 هاوردەکردنی پەتاتە لە دەرەوە رابگیرێت، ئەمەش لەپێناو پارێزگاریکردن لە بەرهەمی ناوخۆ.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە پێنج کۆنتێنەر کە 120 تۆن پەتاتەیە بە لۆگۆی ئاڵای کوردستان بۆ ئیمارات هەناردە كرا.

ئەو پەتاتەیەی بڕیارە بۆ ئیمارات هەناردە بکرێت، پەتاتەی پیشەسازییە، لە هەرێمی کوردستان 30 جۆر پەتاتە بەرهەم دەهێندرێت.

بە گوێرەی ئەو داتایەی وەزارەتی کشتوکاڵ بڵاویکردوەتەوە، بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە لە هەرێم 650 هەزار تۆنە و لە چاو چوار ساڵی رابردوو زیاتر لە 200 هەزار تۆن زیادی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە پێویستی ساڵانەی هەرێم بە پەتاتە کەمترە لە 130 تۆن