چەمانکێ.. درۆنی تورکی ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و کوژراو و بریندار هەیە

964+

ژووری هەواڵ

کەمێک پێش ئێستا فڕۆکەیەکی درۆنی تورکی ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج لە سنووری ناحیەی چەمانکێ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە، دوو کەس سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بووە و یەکێکیان گیانی لە دەستداوە و یەکێکیش بریندارە.

پەیامنێری 964، ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج لە سنووری گوندی خالەتانی نزیک گوندی شکەفتێ بووە لە دەڤەری بەرواری خوارووی سەر بە قەزای ئامێدی.

بە گوێرەی زانیارییەکان هەردوو کەسەکە خزمی یەکترن و خەڵکی گوندی خالەتانە لە ناوچەی بەرواری خواروو لە ناحیەی چەمانکێ، دەگوترێت ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تازە زاوایە و تەنیا پێنج مانگە هاوسەرگیری کردووە.

رێبەر بەرواری، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی چەمانکێ بە 964ـی وت، ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لەسەر رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە هێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە.

دەشڵێت: هێشتا نازانرێت تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکە بە فڕۆکە بووە یان درۆن، یانیش ئۆتۆمبێلەکە خۆی تەقیوەتەوە.