لە دوو دەروازەوە بایی نیو ملیار دۆلار خواردن و شتومەک هاوردە کراوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئێران بەهای ئەو خۆراک و شتومەکانەی ئاشکرا کرد، کە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا لە رێگەی دوو دەروازەوە، هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراقی کردووە و دەڵێت، بایی زیاتر لە نیو ملیار دۆلار بوون.

رۆژی شەممە 5.8.2023، عه‌لی ئه‌سغه‌ر عه‌باسزاده‌ سه‌رپه‌رشتیاری گومرگه‌كانی پارێزگای كرماشان، به‌ میدیاكانی ئێرانی راگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی چوار مانگی رابردوودا له‌ هه‌ردوو ده‌روازه‌ی بازرگانیی په‌روێزخان و سۆمار، به‌ به‌های 558 ملیۆن دۆلار شتومه‌ك و كاڵای جۆراوجۆر هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.

نزیكه‌ی 60% له‌و كاڵایانه‌ی ئێران هه‌نارده‌ی عێراقیان ده‌كات، له‌ ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌.

بەراورد بە مانگەکانی پێشتر، لە چوار مانگی رابردوودا هه‌نارده‌ی كاڵای نانه‌وتیی ئێران له‌ ده‌روازه‌ی په‌روێزخان به‌ رێژه‌ی 25% و له‌ سۆماریش به‌ رێژه‌ی 33% زیادی كردووه‌.

تەنیا لە دەروازەی پەروێزخانەوە، 872 هەزار و 491 تۆن شتومەک و خۆراک، بە بەهای زیاتر لە 237 ملیۆن دۆلار هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.

ئەو شتومەک و کاڵایانەی کە لەو دەروازەیەوە هاوردەکراون پێکهاتوون لە چیمه‌نتۆ، میوه‌ و سه‌وزه‌، پارچه‌ی پۆڵا، ئاسن، موبه‌ڕیده‌، كاشی، به‌رهه‌می پلاستیكی، كێك و بسكیت و چه‌ند جۆرێكی تری خۆراك.

بە وتەی عه‌لی ئه‌سغه‌ر عه‌باسزاده‌، بەهای ئەو خۆراک و شتومەکانی کە لە دەروازەی سۆمار هاوردەکراون 231 ملیۆن و 120 هه‌زار دۆلارە و كێشیان سه‌رووی 516 هه‌زار تۆن بووه‌.

له‌و ده‌روازه‌یه‌شه‌وه‌ زیاتر كاشی، به‌ردی مه‌ڕمه‌ڕ، هێلكه‌، كارتۆن، موبه‌ڕیده‌، شیره‌مه‌نی و قاپ و قاچاخی سه‌فه‌ری هێنراوه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان.

دەروازەی سۆمار یەكێكە لە خاڵە سنوورییەكانی نێوان عێراق و ئێران دەکەوێتە شارەدێی مەندەلی لە ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی هەرێم.