یەکێک لە جۆرەکانی تەماتەی بەرهەمهێنراوی قەزای سۆران. وێنە:964
تەماتەی شووشەیی کیلۆی بە 400 دینارە
964+
تەماتەی خۆمانە پێگەیشتووە و بە پیکاب سندوقی بە سێ هەزار دینار دەفرۆشرێت. ئەندامێکی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێریش دەڵێت، تەماتەی شووشەیی کیلۆی بە 400 دینارە.
ماوەی هەفتەیەک دەبێت بە پیکاب و کیای بارهەڵگر، سندقی تەماتە لە شەقام و کۆڵانەکان بە سێ هەزار دینار دەفرۆشرێت.
لە هەولێر، سەرەتای مانگی تەمووز وەرزی پێگەیشتنی تەماتەیە و ماوەی مانگێک زیاترە تەماتەی هەولێر و بەشێک لە دهۆک پێگەیشتووە، بەڵام سەرەتای ئەم مانگە تەماتەی پێنجوێن و زاخۆ پیدەگات کە ئەوەی پێنجوێن لە باشترینەکانی تەماتەی کوردستانە.
لە عەلوەی هەولێر، تەماتە بە سێجۆر پۆلێن کراوە، تەماتەی شووشەیی، تەماتەی دەرەجە یەک و تەماتەی دەرەجە دوو.
تەماتە شووشەییەکە بە کۆ کیلۆی لەنێوان 375 بۆ 400 دینارە، باشترین جۆری تەماتەیە کە تەماتەی سیدەکان لە سنووری هەولێر لەمجۆرەیانە.
هەرچی تەماتەی دەرەجە یەکە، کیلۆی لەنێوان 250 تاوەکو 300 دینارە و دەرەجە دووش کیلۆی لە 200 دینار بەرەو خوارە.
دانا عەزیز، ئەندامی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر بە 964ـی وت، ئەمساڵ بە گشتی بەرهەمی تەماتە زۆر بوو بەراورد بە پارساڵ.
دەشڵێت: تەماتەی شێخان کە تەماتەیەکی شووشەییە لە باشترینەکانی تەماتەی کوردستانە و ئێستا بەرهەمەکەی لە بازاڕە.
بەرهەمی تەماتە لە عێراق، لە سەرەتا لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق پێدەگات، پاشان لە مانگی تەمووزەوە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمەکەی دێتە بازاڕەوە و لە باشوور و ناوەڕاست بەرەو نەمان دەچێت.
دانا عەزیز زیاتر دەشڵێت: ماوەی هەفتەیەکە تەماتەی کوردستان بەرەو ناوەڕاست و باشوور دەڕوات، لە سەرەتا ئەم مانگەوەش تەماتەی پێنجوێنیش پێدەگات، ئەویش دێتە عەلوەی سلێمانی و بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەڕوات، هەروەها لە بادینانیش تەماتەی زاخۆ پێدەگات کە ئەویش جۆرێکی باشی تەماتەیە.