هۆکاری سووتانی دارستان و پووش و پاوانەکانی کوردستان چییە؟

964+

فەهمی نەبی

بە پێی ئەو بەدواداچوونەوەی 964 کردوویەتی بۆ زۆری رووداوەکانی سووتانی رووبەرێکی فراوانی پووش و پاوان لە هەرێمی کوردستان، دەرکەوتووە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو رووداوانە کەمتەرخەمی هاوڵاتیانە.

گۆران ئەحمەد سماقە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی کۆیە، بە 964ی وت، “دوای لێکۆڵینەوەکانی ئێمە دەرکەوتووە، بەشی هەرە زۆری رووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە بەهۆی فڕێدانی جگەرە و ئاگرکردنەوەی هاوڵاتیان بووە بۆ دروستکردنی خواردن”.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی کۆیە ئەوەش دەڵێت، یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی دەستنیشانکراون ناکۆکی خەڵکە، ئەم هۆکارە کاتێک روودەدات کە دوو کەس لەسەر پارچەیەک زەوی ناکۆکیان هەیە، بۆیە چی ئەو کاتەی گەنمی لێ چێندراوە و چی ئەو کاتەشی دوای دروێنە، یەکێکیان ئاگر لە زەوی ئەوەیتر بەردەدات.

964 پەیوەندی بە هەریەکە لە بەرگریی شارستانیی سلێمانی و گەرمیان کرد، ئەوانیش هەمان ئەو هۆکارانەیان دەستنیشان کرد، جگە لە تەقینەوەی مین، کە ئەویش هۆکارێکی دیکەیە بۆ رووداوی کەوتنەوەی ئاگر.

ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکال دەریدەخەن، لە ماوەی ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان، 275 هەزار و 542 دۆنم زەوی سووتاون، بەڵام بۆ حەوت مانگی ئەمساڵ هێشتا هیچ ئامارێکی فەرمی بەردەست نییە، بەڵام بە وتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە، ئەمساڵ بەهۆی رێژەیەکی زۆری گەنمەوە، رووبەرێکی زۆرتری پووش و پاوان سووتاون.