مانگرتووانی کفری شوێنی زانکۆ نوێیەکەی گەرمیان دەگۆڕن
964+
هونەر فارس – کفری
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران بڕیاری کردنەوەی زانکۆیەکی نوێ بۆ گەرمیان دەرچوو، وەزیری خوێندنی باڵاش بەڵێنیداوە سەرۆکایەتی زانکۆکە بخاتە قەزای کفریەوە، بە وتەی نوێنەری مانگرتووانی قەزاکە.
ئەمڕۆ 3.8.2023، وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی چادری مانگرتووانی قەزای کفری کرد و بەڵێنی بەجێگەیاندنی یەکێک لە داواکارییەکانیانی داوە.
بەڵێنەکەی وەزیری خوێندنی باڵا بۆ مانگرتووان، گۆڕینی شوێنی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیانە بۆ قەزای کفری، بە وتەی عوسمان قەتارچی نوێنەری مانگرتووانی کفری.
بە وتەی ئەو نوێنەرە، وەزیر بەڵێنیداوە و جەختی لەوە کردووەتەوە لە ئەگەری دابینکردنی شوێن، سەرۆکایەتی زانکۆکە دەباتە کفری.
گۆڕینی شوێنی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان لە کاتێکدایە، کە پێشتر چیا محەمەد راگری کۆلێژی تەکنیکی کەلار بە 964ـی وتبوو، زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان دەکەوێتە سنوری جوگرافیای قەزای کەلارەوە.
بەڵێنی گۆڕینی شوێنی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان لە قەزای کەلارەوە بۆ قەزای کفری، لە کاتێکدایە یەکێک لە داواکاریە سەرەکیەکانی مانگرتووانی قەزای کفری دورستکردنی زانکۆ بوو لە قەزاکەیاندا.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی 964، شارەوانیی کفری شوێنی پێویستی بۆ کردنەوەی زانکۆ هەیە لە قەزاکەدا.