ئەمشەو تیپەکە بەڕێدەکەوێت

زیاتر لە سێ هەزار هاندەری هەولێر دەچنە بەغدا

+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێر رایگه‌یاند زیاتر له‌ سێ هه‌زار هانده‌ری یانه‌كه‌یان بۆ یاریی كۆتایی جامی عێراق له‌ یاریگه‌ی شه‌عب ئاماده‌ ده‌بن.

جەرجیس سادق، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر ئه‌م ئێواره‌یه‌ به‌ 964ی وت، بۆ یاریی کۆتایی جامی عێراق له‌ نێوان هه‌ولێر و قوه‌ی جه‌وییه‌، یانەی هەولێر زیاتر لە 30 پاسی ئامادەکردووە و سێ هەزار هاندەر له‌ یاریگه‌ی شه‌عب رۆژی شه‌ممه‌ ئامادە دەبن.

وتیشی، “ژمارەیەکی زۆری هاندەر لە دهۆک و سلێمانی و شارەکانی دیكه‌وه‌ دێن بۆ پاڵپشتی یانەکەمان”.

964 ده‌زانێت ژماره‌یه‌كی زۆری دیكه‌ی هانده‌ران و هاوڵاتیانی شاری هه‌ولێر، بۆ بینینی یارییه‌كه‌ به‌ ئۆتۆمبێلی خۆیان و شێوازی دیكه‌ رووده‌كه‌نه‌ به‌غدا بۆ هاندانی یانه‌ی هه‌ولێر.

یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌م ئێواره‌یه‌ له‌ یاریگه‌ فرانسۆ هه‌ریری دوایه‌كه‌ی مه‌شقیی خۆی ئه‌نجام دا، كه‌ په‌یامنێری 964 له‌وێدا ئاماده‌بوو.

هاوكات هه‌ر ئه‌مشه‌و به‌ فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێده‌كه‌ون و سبه‌ی دوایه‌كه‌ی مه‌شقی ده‌كه‌ن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر وه‌لید عاره‌ب، به‌ 964ی وت،
یانەکەیان تەواو بۆ یاریی کۆتایی ئامادەیە و هیچ کێشەیەکیان نییە.

یانەی هەولێر شەوی دووشەممەی رابردوو، دوای بردنەوەی لە یانەی حدوود بە گۆڵێکی بێبەرامبەر له‌ قۆناغی پێش كۆتایی، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی کۆتایی جامی عێراق، رۆژی شەممەش کاتژمێر 08:00ی شەو، لە یاریی کۆتاییدا له‌ یاریگه‌ی شه‌عب به‌رامبه‌ر یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌ یاریی ده‌كات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا