"تۆ چای تێكه‌ڵ به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر كراوه‌"

5 بازرگان به‌ 25 كیلۆ ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگیر كران

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان له‌ هه‌ولێر، ئاشكرای كرد، 25 كیلۆ ماده‌ی هۆشبه‌ریان ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتووه‌ و 5 بازرگانی ئه‌و كاره‌ش ده‌ستگیر كران.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30.7.2023 بڵاویكرده‌وه‌، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییه‌كه‌ لە چەند رۆژی رابردوودا سەرکەوتووبوون لە دەستبەسەرداگرتنی بڕی 25 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆره‌كانی “کریستاڵ و حەبی کەپتاگۆن” لەگەڵ 5 بازرگانی مادەی هۆشبەر.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بە 964ی راگەیاند، سەرجەم مادە هۆشبەرەکان و بازرگانەکانیش لە شاری هەولێر دەستگیر کراون.

سه‌رچاوه‌كه‌ ورده‌كاریی چالاكییه‌كانی روونكردووه‌ و ئاشكرای كرد، لە چالاکی یەکەمدا دوای هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراق، توانرا بڕی 10 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و یەک کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن لەگەڵ 2 گەورە بازرگان دەستگیر بکه‌ن.

هه‌روه‌ها باسی لەوە كرد، لە چالاکی دووەمدا دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، توانراوه‌ 7 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ لەگەڵ دوو بازرگان دەستگیر بکەن.

“لە چالاکی سێیەمدا توانرا حەوت کیلۆگرام تۆ چای تێکەڵ بە مادەی هۆشبەری مەریوانا و حەشیش، لەگەڵ بازرگانێک دەستگیر بکەین” سەرچاوەکەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان وای وت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، “تەواوی تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە”.

لە هەولێر ژمارەیەک بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر کران

لە هەولێر ژمارەیەک بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر کران