سێ ساڵە سەرچاوە ئاوییەکانی بێستانسوور روو لە دابەزینن

كه‌مئاوى مەرەزەکردنی چوار گوندى سنوردار کردووە

964+

ئەحمەد مستەفا  – سلێمانى

ساڵانە ئەگەر 100 دۆنم مەرەزە بکرایە، ئەمساڵ بە هەرەوەزیش رەنگە هەر 30 دۆنمێک بکەن، سەرچاوە ئاوییەکانی بێستانسوور روو لە دابەزینن، لەم قۆناغەدا دەتوانن هەر ئاوی خواردنەوەی ماڵانی پێ مسۆگەر بکەن.

گوندی بێستانسوور لە ناحیەی عەربەت، خاوەنی چوار گۆمی سەرەکی و زیاتر لە 30 کانیە، کە ژمارەیەکی زۆری کانییەکان دەکەونە پرۆژەی ئاوی شارەزوور و عەربەت، جگە لە سەرڕێژبوون، ئاوی 250 هەزار دانیشتووش دابین دەکات.

ئەو ئاوەشی سەرڕێژ دەبێ، جوتیاران لە مانگی ئایارەوە بۆ مانگی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک دەست بە چاندنی مەرەزە دەکەن، کە ماوەی 20 رۆژی سەرەتا بەردەوام پێویستی بە ئاوە.

بەڵام ئێستا، ئەولەویەت دراوە بە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و کانیاوەکانی گوندەکە، چونکە جوتیاران و بەرپرسانی ئیداریش شاهیدی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی کانیاوەکانن.

دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت کە گوندی بێستانسوور دەکەوێتە سنورە ئیدارییەکەی بە 964ـی وت، مانگی تەمووز و ئاب بەردەوام ئاوی ژێرزەوی ناوچەکە روو لە دابەزین دەکات ”بەڵام دابەزینی ئاستی ئاوەکە مێژوویەکی کۆنی نییە، لە ساڵی 2021ـه‌وە کاریگەری ئەم کەمبوونەوەیە دەرکەوتووە”.

چیتر ناتوانن وەک پێشتر ئاوی زیاتر بەربدەنەوە ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و زامنکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان”  دابان محەمەد وای وت.

بۆیە بە جوتیارانی گوندەکانی (بێستانسووری گەورە و بچووک، قازاو، زێڕینجۆی گەورە و بچووک و کاژاو) وتراوە بە رێککەوتن و رێژەیەکی کەم مەرەزە بکەن و ناوچەکانیان دیاریکردووە.

ئەمەش کاریگەری لەسەر رێژەی چاندن هەبووە، شاخەوان مەحمود، جوتیار لە گوندی بێستانسوور بە 964ی وت “بێئاوی وایکردووە، کە کەمتر مەرزە بکرێ،  سەرچاوەی ئاو هەیە %80 دابەزیوە، یان تەنیا %20ی ئاوەکەی بوونی ماوە”.

ئەو جوتیارە کە سەرقاڵی چاندنی مەرەزە بوو و لە دایکبووی بێستانسورە و لە چلەکانی تەمەنیدایە و دەڵێت “ئاوی بێستانسوور بۆ نیوە کەمی کردووە” ئەوەش ئەو گۆڕانە ژینگەییە كه‌ کاریگەری كردووه‌ته‌ سه‌ر کۆنترین گوندی کشتوکاڵی، کە مێژووەکەی بۆ نۆ هەزارساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن