بۆ مەلەکردن مەترسیدارن

دوو رووبار لە شیلادزێ کارەبایان لەسەرە

964+

هێڤی دێوالی – دهۆک

دوو روبار کە بە ناحیەی شیلادزێدا تێدەپەڕن کارەبایان لەسەرە و بوونەتە مەترسی بۆسەر گەشتیاران، شارەوانی دەڵێت، هۆکاری ئەم کێشەیە جوتیارانی سنوورەکەن.

خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکانی شێلادزێ بۆ ئاودانی زەوییەکانیان، ماتۆڕ و غەتاسی ئاو دەخەنە نێو رووباری زێ و روباری ئاوی شین، ئەمەش بووەتە هۆی بارگاویبوونی ئەو دوو رووبارە بە کارەبا.

لە ترسی ئەوەی هیچ گەشتیارێک کارەبا نەیگرێت، شارەوانی شیلادزێ کاتی کارپێکردنی ماتۆڕی ئاو و غەتاسەکانی بۆ خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە دیاریکردووە.

رووباری زێی گەورە لە ناحیەی دێرەلوک دێت، هەروەها رووباری ئاوی شین لە ناحیەی شێلادزێ دێت، هەردوو رووبارەکە لە کۆمەڵگای سیرێی سەر بە قەزای ئامێدی، دەگەن بە یەک.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەربەست حسێن بەڕێوەبەری سەرۆکایەتیی شارەوانی شێلادزێ بە 964ـی وت، “جوتیاران دەتوانن غەتاس و ماتۆڕەکانیان لە کاتژمێر 8:00ـی شەو تا کاتژمێر 8:00ـی بەیانی کارپێبکەن و نابێت لەو کاتە زیاتر بێت”.

وتیشی، هەر کەسێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت رووبەڕووی رێکاری تووندی یاسایی دەکرێتەوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر