مین بەشێک لە جەستەی 100 کەسی گوندێکی لێکردووەتەوە

964+
دیلان محەمەد جەزا

بەھۆی شەڕی عێراق – ئێرانەوە ناوچەیەکی بەرفراوانی سنوری شارباژێڕ مینڕێژکراوە، دوای 35 ساڵ لە کۆتایی ھاتنی ئەو جەنگە، ئێستاشی لەسەر بێت ھاوڵاتیان دەبنە قوربانی پاشماوەکانی.

گوندی وڵاخلو یەکێکە لە گوندەکانی ناوچەی شارباژێڕ، خۆیان دەڵێن بەھۆی مەترسی مین و تەقەمەنییەوە گەنج لە گوندەکەدا نەماوە.

چوینە مزگەوتی گوندەکە، ژمارەیەک لەو کەسانەمان بینی کە بەهۆی مینەوە بەشێک لە جەستەیان لەدەستدابوو، ھاتبوون بۆ نوێژکردن.

ئەبوبەکر مستەفا یەکێکە لەو کەسانەی قاچێکی لەدەستداوە لە کاتی کاردا و باسی چرکەساتی رووداوەکە دەکات.

ئێستا گوندی وڵاخلو تەنیا 13 ماڵی تیادا ماوە و زۆرێک لە دانیشتووانەکەی گوندەکەیان بەجێھێشتووە، بەھۆی بوونی 18 کێڵگەی مین لەو ناوچەیەدا.

ئەوانەیشی کە ماونەتەوە بەهۆی هەبوونی مین سروشتە خۆشەکەی دەڤەرەکەیان لێ زەوتبووە.

حەمەسەعید حسێن بەرکەوتوویەکی دیکەیە و مین بە خۆی و برایەکیدا تەقیوەتەوە.

لەوەمان پرسی بۆ تاوەکو ئێستا ناوچەکە بە تەواوەتی لە مین پاکنەکراوەتەوە، کامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیڵۆن وتی، لەبەرئەوەی ناوچەیەکی دوورە دەستە.

بەپێی ئامارێکی دەزگای مین، بە تەنیا لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا 206 ملیۆن مەتر چوارگۆشە ناوچەی بە مین چێندراو ھەیە، بەڵام تا ئەم ساتە تەنیا نزیکەی 50%ـی پاککراوەتەوە.