هەزاران ماسی رووباری سپنە مردار بوونەتەوە

964+
هەژین فەتاح – دهۆک

ژمارەیەکی زۆر ماسی لە رووباری سپنەی گوندی پیروزانا مردار بوونەتەوە، خەڵکی گوندەکە دەڵێن، گومان دەکەین بەهۆی دەرمان خستنە رووبارەکە ئەو ماسیانە مردار بووبنەوە.

سامی میکائیل، خەڵکی گوندی پیروزانایە بە 964ی وت،ئەمڕۆ بەیانی خەڵکی گوندی پیروزانا، لەسەر رێگەی رۆشتن بۆ بێستانەکانیان، بینیویانە بە رووبەرێکی فراوان هەزاران ماسی مردار بوونەتەوە.

ئەو هاوڵاتیەی گوندی پیروزانا دەڵێت، ئەوە سێیەمجارە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا رووداوی لەمجۆرە دووبارە دەبێتەوە.

964 پەیوەندیکرد بە ئاسایشی ناوچەکە، بەڵام وتیان تا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرنەچن هیچ لێدوانێک نادەین.

ئەو رووبەرەی ماسی مرداربووی لێ سەرئاو کەوتووە، لە پردی پیروزانا دەستپێدەکات تا دەگاتە چەمی گوندی دێرەشێ.

گوندی پیروزانا دەکەوێتە ناوچەی بەری گارێ لە قەزای ئامێدی.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی