بۆری ئاوی گەڕەکیان کونکردووە بۆ ئاودانی باخەکانیان
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لەقەزای شێخان ماوەی پێنج رۆژە 15 ماڵ و دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون بێ ئاون، دواتر ئاشکرا بووە چەند کەسێک، بۆری سەرەکیان کونکردووە و بوەتە هۆکاری بڕینی ئاوی ئەو ماڵانە.
یەکێک لە خاوەن ماڵەکانی گەڕەکی رەزا لە قەزای شێخان، بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، “ماوەی پێنج رۆژە دووچاری ئەو حاڵە بووینە، پەنا بۆ هەر کەس دەبەین وەڵاممان نادەنەوە، تا دوێنێ بۆمان دەرکەوت چەند کەسێک بۆ ئاودانی باخەکانیان ئەو بۆڕیەیان کونکردووە”.
موئەیەد ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی شێخان بە 964ی وت، “ئاگاداری ئەم بابەتەین و لەگەڵ قایمقام بڕیارمانداوە بەدواداچوونی بۆ بکەین، ئەو کەسانەی سەرپێچییان کردووە، لەلایەن لیژنەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی دەدرێنە دادگا”.
ئەو خاوەن ماڵەی قسەی بۆ 964 کرد دەڵێت، “ئەگەر نەیەنە هانامان ناچارین ماڵەکانمان چۆڵ بکەین، لەبەرئەوەی حاڵمان زۆر پەرێشانە”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی