چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق: جەخت لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەینەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

درەنگانی شەوی رابردوو، چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوونەتەوە و جەختیان لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی مادەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی کردووەتەوە.

بە پێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، کە شەوی یەکشەممە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکراوەتەوە، “سەبارەت بە هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی مادەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی لەگەڵ هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بە داهاتی نەوت و نانەوتی و خەرجکردنی شایستە داراییەکان”.

لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار، محەممەد شياع سودانی، سەرۆکوەزیران و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئامادەبوون.

چوار سەرۆکایەتییەکە باسیان لە “گرنگیی تەواوکردنی رێنماییەکانی” یاسای بودجە و “چاودێریکردنی پڕۆژەکان و کوالێتییان و تەرخانکردنی پارە بە گوێرەی کارە لەپێشینەکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆگرامی حکومەت” کردووە.

لە بارەی دۆسیەی ئاو، چوار سەرۆکایەتییەکە “جەختیانکردەوە” لە هەوڵەکان بۆ بەدواداچوونی لەگەڵ وڵاتانی خاوەن سەرچاوەکانی ئاو و داڕشتنی یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو.