ئاکرێ گۆڕانکاری ئیداری دەکات

964+

توانا نەقی

هەریەک لە پۆستی قایمقامی ئاکرێ و بەڕێوەبەری دوو ناحیە لە سنوری پارێزگای دهۆک گۆڕان.

گۆڕانکارییەکان گۆڕینی قایمقامی قەزای ئاکرێیە لەگەڵ هەریەک لە بەڕێوەبەرانی ناحیەی بەعدەرێ و دارەتووی سەر بە ئاکرێ.

ئیدریس ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، بڕیاری گۆڕینی ئەو پۆستانە دراوە و ماوەتەوە پارێزگاری دهۆک ناوەکان بنێرێتەوە لای وەزیری ناوخۆ و بچەنە ئەوێ و سوێندی یاسایی بخۆن.

وتیشی، پۆستی قایمقامی ئاکرێ پێشتر بە وەکالەت بووە و ئێستا دلاوەر میکائیل بوزو بڕیاری بۆ دەرچووە وەک قایمقام دابنرێت.

هەریەک لە رێزان ئێزدی وەک بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ و تەحسین عسمەت وەک بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو دەستبەکار دەبن و لە چوارچێوەی گۆڕانکاریدا ئەو پۆستانە گۆڕاون، ئیدریس ئەحمەد وای وت.

قەزای ئاکرێ سەربە پارێزگای دهۆکە و هەریەک لە ناحیەکانی بەعەدرێ سەربە قەزای شێخانە و ناحیەی دارەتوو سەربە قەزای بەرەدەڕەشە.