بەهۆی سووتاندنی قورئان
حکومەتی هەرێم پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوێد هەڵپەسارد
964+
ژووری هەواڵ
بەهۆی سووتاندنی قورئان و کاردانەوەکانی حکومەتی عێراق بەرامبەر سوێد، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانی نوێنەرایەتی خۆی لەو وڵاتە هەڵپەسارد.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، کار و چالاکییەکانی نوێنەرانی حکومەتی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد هەڵدەسپێرێت و هۆکارەکەش بۆ “بێڕێزیکردن بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز” دەگەڕێنێتەوە کە دوێنێ پێنجشەممە لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لەو وڵاتە بەناوی سەلوان مۆمیکا کرا، هاوکات فەرمانگەکە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا دەکات.
دوێنێ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی راسپارد، باڵیۆزی سوێد لە خاکی وڵاتەکەی دەربکات.
هەروەها داوای کرد باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد بکشێتەوە و بگەڕێتەوە عێراق.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا هۆکاری ئەم بڕیارانەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی حکومەتی سوێد رێگە لە سووتاندنی قورئان ناگرێت.
ئەو بڕیارانە دوای ئەوە هات کە سەدان خۆپیشاندەر دابارینە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە شاری بەغدا و بەشێکیان سووتاند.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ستافی باڵیۆزخانەکە سەلامەت لێی دەرچوون.
خۆپیشاندەرەکان هۆکاری چوونە سەر باڵیۆزخانەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پۆلیسی سوێد جارێکی تر رەزامەندی داوە لەسەر سووتاندنی قورئان.
سەلوان مۆمیکا، ئەو کەسەی قورئانی سووتاند، تەمەنی 37 ساڵە و دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل، خۆی بە عێراقییەکی بێ ئایین دەناسێنێت، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانییە لە ساڵی 2014 بۆ 2018، ئێستا ئەندامی پارتی دیموکراسییەکانی سوێدە.