لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە تەقتەق کەسێک کوژرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە تەقتەق لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵە دروست دەبێت و بە دەستدرێژی گولە کەسێک دەکوژرێت و یەکێکی دیکەش بریندار دەکرێت.

شیروان جەلال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دروست بووە و تەقەکەرەکان دوو کوڕ و باوکێک بوون، کە خەڵکی ناوچەی “جگیلە”ـن لە باشووری تەقتەق.

وتیشی، سەرەتا بریندارەکان هێندراونەتە نەخۆشخانەی کۆیە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، بەڵام یەکێکیان لە رێگە لە کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەرکوک بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.

کوژراوەکە تەمەنی 50 ساڵە و بریندارەکە تەمەنی 19 ساڵە، لەگەڵ تەقەکەرەکاندا خزمی یەکدین، ئاهەنگەکە لە پارکی چەمی کوێخا رەشید لە تەقتەق بەڕێوەچووە.

پۆلیسی تەقتەق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، تۆمەتبارەکان لە دوای رووداوەکە هەڵاتوون و فەرمانی دەسگیرکردنیان بۆ دەرچووە بە پێی ماددەی 405 – 31 لە یاسای سزادان.