توانای کۆگاکردنی سایلۆکانی کەرکوک دەکرێتە نزیکەی دوو هێندە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی عێراق دەیەوێت رێژەی کۆگاکردنی گەنم لە کەرکوک بۆ نزیکەی دوو هێندەی ئێستا زیاد بکات، لیژنەیەکی راسپاردووە بۆئەوەی سایلۆکانی پارێزگاکە نۆژەن بکەنەوە.

ئێستا سایلۆکانی کەرکوک توانای کۆگاکردنی 380 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، ئەگەر پلانەکەی حکومەتی عێراق سەربگرێت، ئەو رێژەیە بۆ 600 هەزار تۆن بەرزدەکرێتەوە.

حسێن قەنبەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵەی کەرکوک، رۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، پلانەکە ئەوەی قەبارەی کۆگاکردنی هەر سایلۆیەکی کەرکوک، لە 45 هەزار تۆنەوە بکرێت بە 90 هەزار و سەرجەمیان نۆژەن دەکرێنەوە.

جگە لەوەش، لیژنەکە راسپێردراوە بۆ دامەزراندنی کۆگای کانزایی لە قەزای حەویجە و ناحیەی تازە لە قەزای دووزخورماتو، کە توانای کۆگا کردنی 200 هەزار تۆن گەنمی هەیە.