دەربەندیخان دەکرێتە شارێکی گەشتیاری

+964

هونەر فارس

چەند پرۆژەیەکی گەشتیاری لە قەزای دەربەندیخان دروست دەکرێت و ئەمڕۆ 20.7.2023 ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم پرۆژەکانی بەسەرکردەوە.

پرۆژەکان خۆیان لە دروستکردنی کۆڕنیش بە درێژای 750مەتر لەسەر رووباری سیروان لە نزیک گەڕەکی کەمپی خواری دەربەندیخان و دروستکردنی شەقامێک لە بەردەم شەلالەکانی بەنداوی دەربەندیخان بە گوژمەی 180ملیۆن دینار و چەندین کەپر و رێستۆرانت و کۆشکی گەشتیاری دیکە دەبینێتەوە، کە بە موزایەدە دراوە بە هاوڵاتیان.

پرۆژەکان هەندێکیان کاریان تێدا کراوە و هەندێکیشیان دوای تەواوبوونی رێکارە ئیدارییەکان کاریان تێدا دەکرێت، بە وتەی سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان.

ئەو بۆ 964 وتی: لەلایەن سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمەوە بەڵێنمان پێدراوە لە داهاتوودا بۆ تەواوکردنی پرۆژەکان قەرزی گەشتیاریمان پێبدرێت و هەوڵی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریش بۆ کەپرەکانی ژاڵەناو بدرێت.

964 ئەوە دەزانێت، هەڵکەوتەی جوگرافیای قەزای دەربەندیخان کە لە هەردولاوە بە بەنداو دەورە دراوە و رووباری سیروان لە خواروی قەزاکەوە تێدەپەڕێت، وایکردوە ئاسانتر بتواندرێت پرۆژەی گەشتیاری لە قەزاکەدا بونیاد بنرێت و سەرنجی زیاتری گەشتیاریانی لەسەربێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا