چارەسەرەکە درێژخایەنە

چارەسەر بۆ کێشەی کەمئاوی چەمچەماڵ پێشنیار دەکرێت

964+

پێشەوا محەمەد

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی چەمچەماڵ پێشنیار دەکرێت پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە بچێتە بوواری جێبەجێکردنەوە.

پڕۆژەکە لە ساڵی 2013ـەوە هەیە و دیزاین کراوە و ئامادەی جێبەجێکردنە، بەڵام تا ئێستا بوودجەی بۆ تەرخان نەکراوە.

بوودجەی پڕۆژەکە 70 ملیۆن دۆلارە و سێ ساڵی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی.

سیروان جەمال، بەرێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگ و گەورەیە و پێویستە بوودجەی بۆ تەرخان بکرێت و جێبەجێ بکرێت و کێشەی بێئاوی چەمچەماڵ چارەسەر دەکات.

لە چەمچەماڵ بێئاوی هەیە، بە جۆرێک هاوڵاتیان هەشت بۆ 10 رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت.

“ئەو پڕۆژەیە ئەگەرچی ماوەی سێ ساڵ کارکردنی دەوێت، بەڵام پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و ناوچەکە لە خەمی بێئاوی رزگار دەکات”، ئەوەش قسەی سیروان جەمالە.