رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ھۆشداریدەداتە عێراق

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ھۆشداری دەدات لە بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین و رێگریکردن لە گردبوونەوەی ئاشتییانە لە عێراق.

لە راپۆرتێکدا کە رێکەوتی 18.7.2023 بڵاویکردووەتەوە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، حکومەتی عێراق دوو پڕۆژە یاسای خستووەتەوە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران، کە بە پەسەندکردنیان ئازای رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە زۆر بەرتەسک دەبێتەوە.

بیسان فەقێ، لێپرسراوی ھەڵمەتە ھەرێمییەکان تایبەت بە عێراق و یەمەن لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، دەبێت حکومەتی عێراق دەستبەجێ ئەو پڕۆژەیاسایانە بکشێنێتەوە و ئەنجومەنی نوێنەرانیش ھیچ یاسایەک تێنەپەڕێنێت کە کۆت و بەند دەخاتە سەر مافی عێراقییەکان بەبێ پاساو، چونکە گەلی عێراق مافی خۆیەتی رەخنە و بیروڕای ھەبێت و خۆپیشاندانی ئاشتییانە بکات، بەبێ ترس لە زیندانی.

بە پێی یەکێک لە پڕۆژەیاساکان کە ناونراوە “پرۆژەیاسای پێشنیازکراوی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان”، ئەو کەسانەی کە لە بڵاوکراوەکانیاندا زیان دەگەیەنن بە بەرژەوەندیی باڵای ئابووری، سیاسی، سەربازی یان ئەمنی وڵات، رووبەڕووی سزای زیندانی ھەتاھەتایی و پێبژاردن بە بڕی 50 ملیۆن دیناری دەبنەوە.