ئامێری POS بۆ وەرگرتنی پارە بەکاردێت. 964+
ئایا هەرێم دەگرێتەوە؟
لە بەنزینخانەکانی بەغدا بە کارتی ئەلیکترۆنی بەنزین تێبکە
+964
فەهمی نەبی
بەرپرسێکی بانکی ناوەندی رایگەیاندووە، ئەوان سەرکەوتوو بوون لەوەی ئامێری ئەلیکترۆنی POS لە بەشی زۆری بەنزینخانە حکومییەکان دابنێن و شۆفێران لە رێگەی کارتی بانکیەوە پارە بدەن، سەرۆکی ئەنجومەنی بەنزینخانە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێت، زەحمەتە ئەو رێکارە لە کوردستان جێبەجێ بکرێت.
زەید حەمید، بەرپرس لە بانکی ناوەندی ئەمڕۆ سێشەممە بۆ 964 قسەی کردووە دەڵێت، پرۆسەی بەکارهێنانی ئامێری POS سەرکەوتوو بووە ئەو کاتەی لەمانگی ئاداری ئەمساڵ وەک ئەزموونی لە بەنزینخانە حکومییەکانی بەغدا بەکارهات.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە هەرێمی کوردستان، سیروان عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی بەنزینخانە ئەهلییەکانی هەولێر بە 964ی وت، “تا لە هەرێم نرخی بەنزین لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراق هاوتا نەکرێت، ئەو بڕیارە لە کوردستان زەحمەتە جێبەجێ بکرێت”.
ئەو دەڵێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 400 بەنزینخانە هەن، هیچ بەنزینخانەیەک نییە بە ئامێری ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتەوە پارە لە شۆفێران وەربگرێت.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بانکی ناوەندی کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد، بە گوێرەی بڕیارەکە کارکردن بە ئامێری POS فرۆشیارانی کوشکەکان و فرۆشیارانی سەرشەقامیش دەگرێتەوە، هاوکات بانکەکان بە خۆڕایی ئەو ئامێرە بۆ فرۆشیاران و دوکانداران دابین دەکەن و هەژمارێکیان بۆ دەکەنەوە.
بڕیارەکەی بانکی ناوەندی بۆ ئەو شوێنانە بوو، کە جوڵەی بازرگانی تێیدا کەمترە لە 30 ملیۆن دیناری مانگانە، ئەگەر لەو بڕە زیاتر بێت پێویستە داواکاری مۆڵەتی پیشەیی پێشکەش بکەن، هاوکات ئەوەش هاتووە هاوڵاتیان تەنیا رۆژانە دەتوانن یەک ملیۆن دینار مامەڵەی پێوە بکەن.