پڕۆژەیاسایەکی نوێیان هەیە
لەمەودوا مافی پەنابەریەتی نادرێت بەوانەی بە قاچاخ دەچن بۆ بەریتانیا
964+
پێشەوا محەمەد
بە پێی پڕۆژەیاسا نوێیەکەی وڵاتی بەریتانیا لەمەودوا مافی بەنابەرێتی نادرێت بەو کۆچبەرانەی بە قاچاخ دەچنە ئەو وڵاتەوە.
ئێستا پەرلەمانی وڵاتەکە گفتوگۆی پڕۆژەکە دەکات و یەک قۆناغی ماوە پەسەند بکرێت.
بە پێی ناوەڕۆکی یاساکە بێت، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئەرک و مافی یاسایی هەیە بۆ دەستگیرکردن و ناردنەوەی هەر کۆچبەرێک، کە بە نایاسایی دەچێتە بەریتانیا، بە تایبەت ئەوانەی بە بەلەمە بچووکەکانی ئاوی ئینگلیزی دەچنە ئەو وڵاتەوە.
لەناو پڕۆژەیاساکەدا هاتووە؛ کۆچبەران بۆ ماوەی 28 رۆژی یەکەمی دەستبەسەرکردنیان، ناتوانن داوای پێداچوونەوەی دادوەری بکەن.
پڕۆژەیاساکە ناڕەزایەتیی بە دوای خۆیدا هێناوە و نەتەوەیەکگرتووەکان بە “دژی مافەکانی مرۆڤ” ناوی هێناوە.
لە ساڵی 2022دا نزیکەی 89 هەزار کەس لەو وڵاتە داوای مافی پەنابەریەتیان کردووە و شەش هەزار و 295 کەسیان خەڵکی عێراق بوون.