بۆ دوو پەیمانگەی گەرمیان

680 کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و 25 مامۆستا وەردەگیرێن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە گەرمیان 25 مامۆستا بە شێوەی گرێبەست بۆ دوو پەیمانگەی نابیستان لە کەلار و کفری دادەمەزرێن و لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندیان بۆ وەرگیراوە.

پەیمانگەی هیوای نابیستانی کەلار لە فەیسبووک ناوی مامۆستاکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، قۆناغەکانی دابەشکردنی فۆرم، خاڵبەندی و چاوپێکەوتن کۆتایی ھات و کۆنووسی لیژنە پەسەندکرا.

بۆ دامەزراندنی مامۆستاکان، رەچاوی خاڵبەندی کراوە و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت، “ھەر کەسێک دەزانێت مافی خوراوە یان ناوی لە لیستەکەدا نییە، دەتوانێت لە رۆژی دووشەممە  17.7.2023ـەوە تا رۆژی پێنجشەممە  20.7.2023 سەردانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان بکات، بە مەبەستی تانەدان و پێداچوونەوە بە بڕیاری لیژنەکە”.

ئەمڕۆ دووشەممە 17.7.2023، ژیلوان عادل بەڕێوەبەری پاراستنی کۆمەڵایەتی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، نزیکەی 680 کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ببن بە مامۆستا و ناوی 25 مامۆستا هاتووەتەوە کە دوای وەرگرتنی تانەکان، لە ماوەی مانگێکدا دادەمەزرێن.

“مامۆستاکان بەپێی خاڵبەندی هەڵبژێردراون کە پەیوەستە بە باری خێزانی، نمرەی دەرچوون لە زانکۆ و پەیمانگا، خاوەن پێداویستی تایبەت و ژمارەی منداڵ”، ژیلوان عادل وای وت.

بۆ قەزای کەلار 16 کەس دیاریکراون و بۆ قەزای کفرییش نۆ کەس، هەموویان وەک مامۆستا دادەمەزرێن بۆ ئەوەی لە هەردوو پەیمانگەی نابیستانی گەرمیان و کفری وانە بڵێنەوە.

یەکێک لە مەرجەکان بۆ دەرچووی پەیمانگە و زانکۆکان ئەوەیە، دەبێت خوازیار تەمەنی لە نێوان 22 بۆ 35 ساڵدا بێت و دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست دەبێت.

بوارەکانی دامەزراندن لەم بابەتانەدا بووە: مامۆستای ئینگلیزی، مامۆستای عەرەبی، مامۆستای کوردی، مامۆستای کۆمپیوتەر، مامۆستای بیرکاری، مامۆستای زانست، مامۆستای کۆمەڵایەتی، مامۆستای وەرزش و مامۆستای هونەر.

+964صورة من منصة (شبكة):