لەمەودوا لەبەر دەرگای ماڵەکەت پارەی کارەبا دەدەی
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لەمەودوا ژمێرکارەکانیان لەبەر دەرگای ماڵ لە رێگەی ئامێرێکی ئەلیکترۆنییەوە پارە لە هاوبەشەکانیان وەردەگرن.
بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای رۆژئاوای سلێمانی، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی هەژمارکردنی پارەی بەسەر ئەو ژمێرکارانە دابەشکردووە، کە پارە لە هاوبەشانی کارەبا کۆدەکەنەوە، ئامێرەکە ناوی SUMI V2 -ە راستەوخۆ دوای پارەدانەکە لە سیستم ئەو بڕە لەسەر هاوبەشەکە دەسڕێتەوە.
دابەشکردنی کارەبای سلێمانی دەڵێت، لەمەوبەدوا با هاوبەشانیان ترسیان نەبێت، هەر ژمێرکارێک لە بەردەم ماڵەکانیان ئامێری ئەلیکترۆنیان لابوو و باجی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانیان لە مل بوو، دەتوانن بێ دوو دڵی پارەی کرێی کارەبا بدەن.
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاندووە، دابینکردنی ئەو ئامێرە بۆ ئەوەیە تا هاوڵاتیان بە ئاسانی و بە خێراترین رێگە پارەی کارەبا بدەن.
بەپێی دواین ئاماری بەردەست لەبارەی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لەهەرێمی کوردستان، تا ساڵی 2022 گەیشتوەتە یەک ملیۆن و 776 هەزار و 963 هاوبەش.