هەڵبژاردەی کاراتێی عێراق. فۆتۆ: شاندی هەڵبژاردەکە
کورد لە کاراتێی ئاسیا نوێنەرایەتی عێراق دەکات
+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی
تیپی کاراتێی هەڵبژاردەی عێراق بەشداری پاڵەوانیەتیی وڵاتانی ئاسیا دەکات.
بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیی وڵاتانی ئاسیا، شاندی هەڵبژاردەی کاراتێی عێراق بە هەشت یاریزانی و راهێنەرێکی کوردەوە گەشتی مالیزیایان کرد.
شڤان عوسمان کاپتنی هەڵبژاردەکە بە 964ـی راگەیاند، ماوەی دوو مانگە بە کەمپی ناوخۆیی و دەرەکی، ئامادەکاری بۆ ئەم پاڵەوانیەتییە دەکەن.
وتیشی، هەمیشە یاریزانانی کورد بە گشتی و پاڵەوانەکانی شاری سلێمانی بە تایبەتی، لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق بوونیان هەبووە، هەر بۆیە لەم پاڵەوانیەتییەشدا هەوڵی دەستەبەرکردنی ئەنجامی باش دەدەن.
بڕیارە لە رۆژانی 21 تا 23ـی ئەم مانگە، رکابەرییەکانی 19یەمین پاڵەوانیەتیی کاراتێی ئاسیا لە مالیزیا بەڕێوەبچێت.
لە پاڵەوانیەتییەکەدا 338 یاریزان، کە نوێنەرایەتی 30 وڵات دەکەن، بەشدار دەبن.
هەڵبژاردەی کاراتێی عێراق، کە بە راهێنەرایەتی شاخەوان ئەحمەدی کورد و مستەفا عەتالی میسرییە، پێکدێت لە یاریزانان “شڤان عوسمان، مەبەست فایەق، هەمزە بەختیار، سەرهەنگ عوسمان، بەرێز لوقمان” لە جۆری کۆمێتێ و “بینەر مستەفا، پەژار مەهدی، یوسف سەلام” لە رکابەریی کاتا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا