وەبەرهێنانی دهۆک هۆشداری دەدات
هەر وەبەرهێنەرێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت پڕۆژەکەی لێوەردەگیرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
وەبەرهێنانی دهۆک رایدەگەیەنێت، هەر وەبەرهێنەرێک پابەندی جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی دەستەی وەبەرهێنان نەبێت پڕۆژەکەی لێوەردەگرنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی پارێزگاکە ئاشکرای کردووە، لە 16 ساڵی رابردوودا تا ئێستا مۆڵەتیان لە 26 پڕۆژە وەرگرتووەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ “جێبەجێنەکردنی یاسا و رێنماییەکانی دەستەی وەبەرهێنان” دەگەڕێنێتەوە.
سەرمایەی پڕۆژەکان یەک ملیار و 771 ملیۆن و 591 هەزار و 768 دۆلار بووە.
لە ساڵی 2006ـەوە تا ئێستا لە پارێزگای دهۆک مۆڵەت بە 295 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە.
“ئەو پڕۆژانە بە پێی یاسا و رێنمایی دەستەی وەبەرهێنان وەرگیراونەوە و لە زیادکردنی ئاشکرادا دراون بە وەبەرهێنەری نوێ”، ئەوە قسەی سەڵاح حاجی حەسۆ، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆکە بۆ 964.
دەشڵێت، وەبەرهێنەرەکان ئەو مەرجانەیان جێبەجێ نەکردووە، کە پێویست بووە بۆ پڕۆژەکانیان پێوەی پابەند ببن.