24 پارچە تەقەمەنی پاشماوەی جەنگی دۆزرانەوە

964+

توانا نەقی

ژمارەیەک پارچە تەقەمەنی پاشماوی جەنگ لە ناحیەی حاجی ئۆەمەران دۆزرانەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ناوچەی باڵەکایەتی لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنییەکان EOD سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین دەرهێنراو گواستراوەتەوە.

عەلی حەمەدئەمین، بەڕێوەبەری گشتی تەکنیکی لە دەزگای مینی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، ژمارەی ئەو پارچە تەقەمەنیانە کە دەرهێنراون 24 دانە بوون و پێکهاتوون لە گوللە تۆپ و گوللە هاوەن.

وتیشی، تەقەمەنییەکان لە گوندی زینوەی سەربە ناحیەی حاجی ئۆمەران دۆزراونەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ کۆگای دەزگای مین تاوەکو لەناوببرێن.

زۆر جار لە رێگەی ئەو ژمارە مۆبایلەی کە 182ـەوە و دەزگای مین هەیەتی هاوڵاتیان ئاگادایان دەکەنەوە لە بوونی تەقەمەنی جۆراوجۆر لە ناوچە جیاوازەکان ئەوانی تیمەکانیان دەنێرنە ئەو شوێنانەو تەقەمەنییەکان دەگوازنەوە، عەلی حەمەدئەمین وای وت.

دەزگای مین ئەو پارچە تەقەمەنیانەی کە دەریان دەهێنێت لە کاتێکی گونجاودا بە سەلامەتی دەیانتەقێنێتەوە و لەناویان دەبات.