ناناسرێتەوە

مێرمنداڵێک لە گەرمیان ئۆتۆمبێل لێیدا و گیانی لەدەستدا

هاوبەش ئەبوبەکر

لەسەر رێگای کەلار بۆ گردەگۆزینە، ئۆتۆمبێلێک لە مێرمنداڵێک دەدات و بەو هۆیەوە گیانلەدەستدەدات، هاتوچۆی گەرمیانیش دەڵێت قوربانییەکە ناسنامەی پێنییە و ناتوانرێت بناسرێتەوە.

مقەدەم سامان عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەی لە منداڵەکەی داوە لەجۆری “نیسان ئەڵتیما”ـیە و شۆفێرەکەی ئافرەتە.

“مێرمنداڵەکە تەمەنی لەنێوان 13 بۆ 15 ساڵاندایە و نە ناسنامە و نە مۆبایلی پێنیە، بۆیە ناناسرێتەوە”، مقەدەم سامان عەلی وای وت.

وتەبێژی ھاتوچۆی گەرمیان زیاتر وتی، مێرمنداڵەکە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و شۆفێرەکە خۆی گواستویەتیەوە بۆ نەخۆشخانە.

بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی گەرمیان، مێرمنداڵەکە کابۆیەکی شین و بلوزێکی رەشی لەبەردایە پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.