هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی نه‌شیاویان ده‌كرد و ده‌ستگیر كران

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئاسایشی هه‌ولێر، دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری بە تۆمەتی هەڕەشەکردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی گرتەڤیدیۆی نەشیاوی هاوڵاتیان راگه‌یاند.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13.7.2023 رایگه‌یاند، لە لایەن هێزەکانیان و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، توانیان پێنج تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە بە رێگه‌ی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەت (تیکتۆک، تیلیگرام و فه‌یسبووک) هەڵساون بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆی نەشیاوی چەند هاوڵاتییەک لە هەر دوو ره‌گەزدا.

ئاسایش ده‌ڵێت، ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی گرتەڤیدیۆ نەشیاوه‌كان، بۆ هەر کەسێک داوای بڕێک پارەیان کردووە.

هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سانه‌ بە رێگه‌ی فه‌یسبووک خۆیان لە خەڵکانی بە تەمەن کردووە بە ژن و سەرنجیان راکێشاون و گرتە ڤیدیۆی نەشیاویان تۆمارکردووە و بەو هۆیەشەوە توانیویانە بڕێکی زۆر پارە وەربگرن .

ئاسایشی هه‌ولێر داوا لە هاوڵاتیان ده‌كه‌ن، خۆیان بە دوور بگرن لەو پەیوەندیانەی کە بە رێگه‌ی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانه‌وه‌ دروستیان کردووە و متمانە بە هەموو کەسێک نەکەن، تا نەبنە قوربانی و گیرۆدەی ئەم حاڵەتانە نەبن.