سوپاى توركیا چه‌ند گوندێكی سیده‌كانى بێئاو كردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ قه‌زاى سیده‌كان، سوپاى توركیا كه‌ بنكه‌ و باره‌گا سه‌ربازییه‌كانیان له‌و سنووره‌ نزیكه‌، چه‌ند گوندێكى ئه‌و قه‌زایه‌یان بێئاو كردووه‌ و سه‌رچاوه‌ى ئاوى ئه‌و گوندانه‌ بۆ خۆیان به‌كارده‌هێنن، هەروەک به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ى ئاوى سیده‌كان ئاشکرای دەکات

كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ سنوورى سیده‌كان به‌ گشتى له‌ 26 گونددا هه‌یه‌، كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یان وشكبوونى سه‌رچاوه‌ ئاوه‌كانیانه‌.

پێنج مانگ بێئاوى

قاره‌مان شێخۆ، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ى ئاوى سیده‌كان به‌ 964ـى راگه‌یاند، له‌ كۆتایی مانگى حوزه‌یران تا كۆتایی مانگى تشرینى یه‌كه‌م، كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ سنووره‌كه‌یاندا هه‌یه‌.

وتیشی “هۆكاره‌كانى كێشه‌ى كه‌مئاوی جۆراوجۆرن، به‌شێكیان وشكبوونى سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كانیانه‌ و به‌شێكیش سوپاس توركیا بێئاوى كردوون”.

توركیا ئاوى گونده‌كان بۆ خۆى به‌كارده‌هێنێت

به‌رپرسی ئاوى سیده‌كان ئاشكرای كرد، كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ ناحیه‌یه‌ك و چوار گوندى سنووره‌كه‌یان به‌هۆى سوپاى توركیاوه‌ هه‌یه‌ و ئاوى ئه‌و گوندانه‌ بۆ خۆیان به‌كارده‌هێنن.

وتیشی “ناحیه‌ى به‌رمێز و گونده‌كانى هێشمه‌، ئێلكان، خه‌لیفان و گۆڕه‌ش، ئه‌و گوندانه‌ن كه‌ له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى سوپاى توركیاوه‌ نزیكن و ئاوه‌كانیان له‌لایه‌ن ئه‌و سوپایه‌وه‌ پێنادرێت”.

تانكه‌ر بووه‌ته‌ چاره‌سه‌ر 

قاره‌مان شێخۆ، باسی له‌وه‌ كرد، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى بێئاوى، به‌ تانكه‌ر ئاو بۆ ئه‌و گوندانه‌ ده‌به‌ن، وتیشی “مانگانه‌ هه‌ر ماڵێك 30 هه‌زار لیتر ئاوى پێده‌درێت و له‌ به‌رامبه‌ریشدا حه‌وت هه‌زار و 500 دینارى لێوه‌رده‌گیرێت”.

روونیشیكرده‌وه‌، كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ سنووره‌كه‌یان ماوه‌ى سێ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌.

قه‌زاى سیده‌كان له‌ سنووره‌كه‌یدا 147 گوند هه‌ن، سه‌رچاوه‌ى ئاوى زۆربه‌ى گونده‌كان كانیاو و رووباره‌كانن.