مینى دهۆك 227 گولـله‌تۆپیان له‌ زاخۆ هه‌ڵگرته‌وه‌

964+

زەید کۆچەر- دهۆک

لە سه‌ربازگه‌یه‌کی کۆنی رژێمى به‌عس له‌ زاخۆ، ژمارەیەک گولـلەتۆپ دۆزرانەوە و تیمه‌كانى كاروبارى مینیش له‌ شوێنه‌كه‌ گولـله‌ تۆپه‌كانیان له‌ شوێنێكى پارێزراو دانا، تا چاره‌سه‌ریان ده‌كرێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 13.7.2023 بەرێوبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک كاریان له‌ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و گولـله‌ تۆپانه‌ له‌ گوندێ سه‌لكا كرد.

رێگر بێسفکی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە دهۆک بە 964ـی وت، له‌ گوندى سه‌لكاى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى رزگارى لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، زیاتر لە 227 گولـلەتۆپیان دەرهێناوە و له‌ شوێنێكی پارێزراو داناوه‌.

وتیشی “ئه‌و شوێنه‌ى گولـله‌تۆپه‌كانى لێبووه‌ سه‌ربازگه‌یه‌كی كۆنى رژێمی به‌عس بووه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ین، له‌و ژماره‌یه‌ گولـله‌ تۆپی زیاترى لێبێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، له‌ كاتێكی گونجاودا ته‌واوى ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن