كارگه‌ى ئۆكسجین له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شەقڵاوە كه‌وته‌كار

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بۆ یه‌كه‌مجار، سیستمی مەرکەزی گازە پزیشکییەکان له‌ نه‌خۆشخانه‌ى شه‌قڵاوه‌ كه‌وته‌كار و قایمقام ده‌ڵێت، بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا هه‌مان سیستم له‌ نه‌خۆشخانه‌ى هه‌ریریش دابنرێت.

كاروان كه‌ریم خان قایمقامى قه‌زاى شه‌قڵاوه‌ بە 964ـی وت، “ده‌بوایه‌ وەکو پێویست ئۆکسجین له‌ نه‌خۆشخانه‌ى گشتى هه‌بوایه‌”.

وتیشی “له‌ رابردوودا هه‌ر كه‌سێك پێویستى به‌ ئۆكسجین بوایه‌، ره‌وانه‌ى هه‌ولێر ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا له‌ شه‌قلاوه‌ ده‌سته‌به‌ر كراوه‌”.

ئاشكراشی كرد، بڕیار دراوه‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا هه‌مان سیستمى ئۆكسجین له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ناحیه‌ى هه‌ریردا بخرێته‌ كار.

وتیشی “به‌ هۆى ئه‌وه‌ى سنوورى ئیدارى ناحیه‌ى هه‌ریر له‌ سنوورى ناحیه‌كانى دیکە فراوانتره‌ بۆیه‌ ئه‌و سیستمه‌ى بۆ داده‌نرێت”.

به‌ پێی زانیارییه‌كانى 964، هه‌ریر یه‌كێكه‌ له‌و ناحیانەى سه‌ر به‌ شه‌قڵاوه‌، كه‌ زۆرترین ژماره‌ى دانیشتووانى له‌ سنووره‌كه‌یدایه‌، كه‌ مه‌زنده‌ ده‌كرێت نزیكه‌ى 50 هه‌زار كه‌س بێت.