لە هیندستان زیرەکی دەستکرد مرۆڤی بێکار کرد
+964
ئەحمەد عەبدوڵا
ئەپڵیکەیشنی dukaan کە بنکەی سەرەکی لە هیندستانە %90ی تیمی سەنتەری هاوکاریی بەکارهێنەرانی کردە زیرەکی دەستکرد.
ئەم کارەی ئەپڵیکەیشنی dukaan لە تویتەر رەخنەی زۆری لێگیرا و خەڵکی هیندستان بە بڕیارێکی “دڵڕەقانە” ناویان برد.
سوومیت شا، دامەزرێنەری ئەپڵیکەیشنەکە لە تویتێکیدا ئاماژەی بە سوودەکانی گۆڕانکاریەکە کردووە و دەڵێت، زیرەکی دەستکرد داواکاری کڕیارەکانیان راستەوخۆ وەڵام دەداتەوە و کاتی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە دوو کاتژمێر و 13 خولەکەوە دابەزیوە بۆ سێ خولەک و 12 چرکە.
“بڕیارێکی سەخت و پێویست بوو”
سوومیت شا دەشڵێت، تێچووی ئەو بەشەی کۆمپانیاکە %85 کەمبووەتەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاسانتربووە.
زیرەکی دەستکرد AI پێشکەوتنێکی نوێی تەکنۆلۆژیایە، زمانی پرۆگرامی کۆمپیوتەر بەکاردێنێت لەبوارە جیاوازەکان و ئاسانکاری زۆر و خێرا بۆ بەکارهێنەر دەکات، بەهۆی ئەو پێشکەوتنە خێرایەوە زانایانی تەکنەلۆژیا ئاماژە بە کەمبوونەوەی هەلی کار دەکەن و بڕوایان وایە لە داهاتوودا لە زۆر سێکتەر شوێنی مرۆڤ دەگرێتەوە.
ئەپڵیکەیشنی dukaan تایبەتە بە بازاڕکردنی ئۆنڵاین لە ساڵی 2020 لە هیندستان دامەزرا.