بڕیارەکە ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە
میوەفرۆشانی کەلار لەناو بازاڕ دەگوازرێنەوە
هونەر فارس – کەلار
نزیکەی 100 میوەفرۆشی سەر شەقامی سەرەکی ناو بازاڕی کەلار ئاگادار کراونەتەوە شەقامەکە چۆڵ بکەن و هۆکارەکەشی “بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆی هاوڵاتیان” دەگەڕێندرێتەوە.
لیژنەکی شارەوانیی کەلار ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 11.7.2023 سەردانی ئەو شەقامەی کردووە و وتویەتی نابێت سبەینێ بێنەوە سەر ئەو شەقامە.
شارەوانیی شارەکە شوێنی نوێی بۆ میوەفرۆشان دابین کردووە، بەڵام ئەوان دەڵێن دوورە و رێی هاوڵاتیانی بەسەرەوە نییە.
شاڵاو عەلی، میوەفرۆش لە ناوبازاڕی کەلار بە 964ـی وت، “ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت سەرجەم میوەفرۆشەکان زەرەرمەند دەبن”.
ئەو شوێنەی شارەوانی بۆی دابین کردوون دەکەوێتە گەڕەکی بنگردەوە لە تەنیشت بازاڕی قەزاکە.
“چۆڵکردنی شەقامەکە بۆ ئاسانکاری هاتوچۆی هاوڵاتیانە و بۆ ئەوە نییە شەقامەکە بدرێتەوە بە کرێ”، ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار وای بە 964 وت.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد