بۆچی ئەمریكا بێدەنگە لە هێرشە ئاسمانییەكانی سەر هەرێمی كوردستان؟
964+
كوردستان ئەحمەد و فهرهاد حهسهن – هەولێر
بە تەنیا لە سێ مانگی رابردوو، لانیکەم پێنج جار لە لایەن ئێران و چەند جارێکیش لە لایەن تورکیا سنوری ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەزێندراوە، بەڵام جگە لە ئیدانەکردن، ئەمریکا هیچ هەڵوێستێکی کرداریی نەبووە، شارەزایەکی بواری سەربازییش دەڵێت، ئەرکی عێراقە داوای هاوکاریی لە ئەمریکا بکات.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و پسپۆڕی بوارهكانى سهربازى و ئهمنى بۆ 964+ی باسکرد، کە عێراق لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتنی ستراتیژیی هەیە و ئەرکی ئەوە داوای هاوکاریی سەربازیی بکات بۆ بەرپەرچدانەوەی بەزاندنی سنورەکان.
ئەو وتی، “ئەمریکا لە رووی سهربازییهوه تاوەكو ئێستا سهرپهرشتى هاوپهیمانى نێودهوڵهتى شهڕی دژ به داعش دهكات، لهبهرئهوه هێشتا پشتیوانییەکانی پێشمەرگە بەردەوامن، تەنانەت لە رووی چەک و تەقەمەنیشەوە”.
964+ دەزانێت، ئەمریكا هاوكاری مادیى مانگانە بە بهشێك له هێزهكانى پێشمهرگه دەدات، به تایبهتی لیوا شهڕكهرهكان كه نزیكهى 14 لیوان.
لەبارەی تۆپبارانکردنەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر ئاماژەی بەوە کرد، بابهتى تۆپبارانكردن پهیوهسته به سیاده و سهروهرى عێراق، بۆیه زۆر جار كه ئێران بۆردومانى كردووه، ئەمریکا تهنیا ئیدانهی كردووه، “هەر دەتوانێت ئەوەندەش بکات”.
بەپێی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوەیەکگرتووەکان، هەرێمی كوردستان لە رووی ئاسمانیەوە دەپارێزرێت لە لایەن چەند دەوڵەتێكی ئەوروپی و ئەمریكاوە كە بە هێڵی ٣٦ ناسراوە.
دوێنێ، ٧ی كانوی یەكەمی ٢٠٢٢، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا راپۆرتی بودجەی ٢٠٢٣ی خۆی بڵاوکردەوە، تێیدا جەخت کرابووەوە کە بودجەی تایبەت بۆ هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ هاوبەشەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەرخاندەكات بۆ روبەڕوبوونەوەی ئێران و گروپە نزیکەکانی.
دوور نییە ئەو هاوكارییە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە بەو پێیەی هاوبەشی ئەمریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین جار لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ناوچەکانی بۆردومان کراوە.